ماددهی (67) یەکەم: وەزارەت دەتوانێت دواى ڕەزامەندى ئەنجومەنى وەزیران، هەڵگرانى بڕوانامەى زانکۆیى بوارى پەروەردە و هاوشێوە و نزیک، بەگرێبەست و بەرامبەر شایستەیەکى دارایى دیاریکراو دابمەزرێنێت، و دەبێت ئەو مامۆستایانەى بە گرێبەست دادەمەزرێن لە مامۆستایانى وانەبێژبن. دووەم: وەزارەت دەتوانێت بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەتى دارایى و ئابوورى، هەڵگرانى بڕوانامەى زانکۆیى بوارى پەروەردە و هاوشێوە و نزیک و هەڵگرانى بڕوانامەى دبلۆمى بوارى پەروەردە، لە گوند و شارەدێ و شوێنە دوورە دەستەکان، و لە شارەکانیش بەپێى پێویستى، بەرامبەر شایستەیەکى دارایى گونجاو، وەك وانەبێژ دابنێت. وەزیر بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى، ڕێنمایى پێویست بە شایستە داراییەکانى وانەبێژان و مافەکانیان، و مەرج و ڕێکارەکانى دامەزراندنیان بە گرێبەست بەپێى حوکمەکانى بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیە، دیاریدەکات. سێیەم: وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕی کرێی وانەبێژیی لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا دیاریدەکات.
الموضوع: وەزارەت دەتوانێت بڕوانامەى زانکۆیى بوارى پەروەردە دابمەزرێنێت,وەزارەت دەتوانێت بڕوانامەى دبلۆمى بوارى پەروەردە دابنێت,وەزارەت بڕی کرێی وانەبێژیی لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکاندا دیاریدەکات