ماددهی (35) یەکەم: وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان و خوێندکاران و تۆمارکردنیان لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، لەسەر بنەمای ڕەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەمووان دەبێت. دووەم: پێویستە هەموو قوتابخانە و خوێندنگەیەکی حکومی، جگە لە قوتابخانە و خوێندنگەکانى تایبەتمەند و بەهرەداران، بە پلەی یەکەم ئەو قوتابی و خوێندکارانە وەربگرن کە دانیشتووی ئەو گەڕەک و ناوچە جوگرافیەن کە قوتابخانە و خوێندنگەکەی تێدایە. سییەم: نابێت دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان، جگە لە قوتابخانە و خوێندنگەکانى تایبەتمەند و بەهرەداران، مەرجی پێشوەختە و تاقیکردنەوەی دەرەکی بۆ وەرگرتنی قوتابی و خوێندکار دابنێن، جگە لە مەرجەکانی توانای زمانەوانی و ئەو مەرجانەی لەم یاسایەدا ڕێگەیان پێدراوە. چوارەم: 1- وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەپێی یەکێک لەم دوو میکانیزمە دەبێت:- 2- ئەو منداڵ و قوتابی و خوێندکارانەی، لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و توانای فێربوونی پرۆگرامەکانیان لا ئاسانترە، لە پۆلی ئاسایی وەک قوتابیانی دیکە وەردەگیرێن، بەڵام مامۆستای تایبەتیان وەک مامۆستای دووەم لە پۆلدا بۆ تەرخاندەکرێت. 3- ئەو منداڵ و قوتابی و خوێندکارانەی لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و توانای فێربوونی پرۆگرامەکانیان، بەهۆی ئۆتیزم، داون سیندرۆم، یان ئیفلیجی قورسی مێشک و هتد، لا قورسترە، لە پۆلێکی تایبەت لە دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکە یان لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی حکومی تایبەت وەردەگیرێن و پرۆگرام و مامۆستای تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت. 4- وەزیر دەتوانێت منداڵان و قوتابیان و خوێندکارانى خاوەن پێداویستى تایبەت لە مەرجى بەرزترین تەمەنى هاتوو لە ماددەکانى (9) و (13)ى ئەم یاسایە بەدەربکات. پێنجەم: قوتابیان و خویندکاران مافی گواستنەوەیان لە ناوەندێکى خوێندن بۆ ناوەندێکى دیکەى خوێندن هەیە، بەپێى ئەو مەرجانەی وەزارەت دیاریدەکات.
الموضوع: وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان و خوێندکاران,پێویستی هەموو قوتابخانە و خوێندنگەیەکی حکومی,ممنوعیت دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان در پەیوەندیدانی پێداویستی تایبەتی,مکانیزم وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان خاوەن پێداویستی تایبەتی,محدودیت وەرگرتنی منداڵان و قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەتی