ماددەى (32)

معرف المادة: 17724

رقم المادة : 517

ماددەى (32): یەكەم: پێویستە دادگای تایبەتمەند، بەپێی یاسا، بڕیاری گلدانەوەی مایەی (الأموال) گوێزراوە و نەگوێزراوەی هەركەسێك بدات، ئەگەر یەكێك لەو تاوانانەی ئەنجامدابێت، كە لە هەردوو ماددەی (25 و 26)ی ئەم یاسایەدا دەقنووسكراون. دووەم: 1- پێویستە لەسەر دادگا، لەسەرچاوەی ڕاستەقینەی ئەو مایانەی لە بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە دەقنووسكراون، بكۆڵێتەوە، لێكۆڵینەوەكەش مایە گوێزراوە و نەگوێزراوەكانی هاوسەر و منداڵ و كەسانی دیكەی جگە لەوان، لەناوەوە یان دەرەوەی هەرێم دەگرێتەوە. 2- دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی مایەكانی تۆمەتبار و هاوسەر و منداڵەكانی یان كەسانی دیكەی جگە لەوان دەدات، ئەگەر بۆی سەڵمێنرا ئەو مایانە بەرهەمی ئەنجامدانی یەكێك لەو تاوانانەیە كە لە هەردوو ماددەی (25 و 26)ی ئەم یاسایەدا دەقنووسكراون. سێیەم: بانكە عێراقی و بیانییەكان، ئەوانەی لە هەرێم كاردەكەن، پابەند دەبن بە پێدانی گشت داتاكان بە دادگای تایبەتمەند، بۆ زانینی بڕی ڕەسید و پاشەكەوت و سپاردە و پشك و قەواڵە و هەر مایەیەكی دیكە، كە خاوەنداریەتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كەسانەی لەسەر ئەو تاوانانەی لەم یاسایەدا دەقنووسكراون، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا بە گلدانەوە یان دەستبەسەرداگرتنیان.

الموضوع: بڕیاری گلدانەوەی مایەی گوێزراوە و نەگوێزراوە,لێکۆڵینەوەی مایە گوێزراوە و نەگوێزراوەکان,بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی مایەکان,پابەندبوونی بانکە عێراقی و بیانییەکان بە پێدانی گشت داتاکان