أحكام القانون
البحث في المحتوى🔎
ماددەی (1)
ماددەی (1): مەبەست لەو زاراوانەی لەم یاسایەدا هاتوون، ماناكانیان لە بەرامبەریاندا نووسراوە: یەكەم: هەرێم: هەرێمی كوردستان -عێراق. دووەم: حكومەت: حكومەتی هەرێمی كوردستان -عێراق. سێیەم: وەزیر: وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان -عێراق. چوارەم: وەزارەت: وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان -عێراق. پێنجەم: ئامرازەكانی میدیا: تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، تۆڕ و ماڵپەرە ئەلیكترۆنییەكان، رۆژنامە و گۆڤار و چاپكراوی دیكە. شەشەم: ئامرازەكانی پەیوەندیكردن: هێڵەكانی تەلەفۆن، تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و ئامرازەكانی دیكەی پەیوەندیكردن دەگرێتەوە. حەوتەم: رێكلامی بازرگانی: خزمەتگوزاریەكە، لە رێی بەكارهێنانانی ئامرازەكانی میدیا و ئامرازەكانی پەیوەندیكردن و هەر شێوازێك لە شێوازەكانی ڕاگەیاندن و هۆیەكانی گواستنەوەی زەمینی و ئاوی و ئاسمانی لە رێگەی تابلۆ و دیوار و سكرین، بە ئامانجی ڕەواجدان بە كاڵا یان خزمەتگوزاری یان بەرهەم، بۆ مەبەستی هاندانی بەكاربەر بۆ كڕینی یان بەكارهێنانی.
ماددەی (2)
ماددەی (2): مەرجە گشتییەكان بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی ریكلام: یەكەم: پێویستە هەموو ریكلامێك مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیداری بەرهەمەكەی هەبێت، پێش بڵاوكردنەوەی. دووەم: دەبێت پەیامی ریكلام ڕاستگویانە و ڕوون و ڕەوان بێت. سێیەم: لەكاتی بەكارهێنانی توێژینەوە زانستیەكان پێویستە سەرچاوە بەكارهێنراوەكان، ئەكادیمی و پشت ڕاستكراوەبن. چوارەم: جگە لەو حاڵەتانەی لە یاسادا دیاریكراون، ریكلام لەسەر هۆیەكانی گواستنەوە بەڕەزامەندی خاوەنەكەی یان نوێنەری خاوەنی هۆیەكانی گواستنەوە، ئەنجام دەدرێت. پێنجەم: ڕادەی تیشكی ڕوناكی سەر شاشەكانی ریكلامی ئەلیكترۆنی سەر شەقامەكان لە ڕۆژدا لە (5000) لۆكس (لومنز/ م2) زیاتر نەبێت و لە شەوانیشدا لە (200) لۆكس (لومنز/م2) زیاتر بێت. شەشەم: دەبێت ئامرازەكانی میدیا، ریكلامی هۆشیاری نشتیمانی، رۆشنبیری، تەندروستی، هاتووچۆ و ئەو ریكلامانەی كە تایبەتن بە پاراستنی مافی مرۆڤ و ژنان، بێ بەرامبەر بڵاوبكەنەوە، بۆ تەلەفزیۆنەكان لە (1) یەك خوولەك بۆ (4) چوار خولەك لە ماوەی (24) بیست و چوار كاتژمێری پەخش، و بۆ چاپكراوەكان بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت.
ماددەی (3)
ماددەی (3): هەموو ئەو ریكلامە بازرگانییانەی كە پێچەوانەی (سیستمی گشتی، ئادابی گشتی، ئاسایشی گشتی، تەندروستی گشتی و مافەكانی مرۆڤن)، رێگە پێنەدراوەن لە هەرێمی كوردستان -عێراق.
ماددەی (4)
ماددەی (4): یەكەم: ئەگەر ریكلامێك بڵاوكرایەوە، پێشێلی مەرجە ڕێگاپێنەدراوەكانی ماددەكانی (2، 3)ی ئەم یاسایە بوو، دەبێت: 1-ڕاستەوخۆ بڵاوكردنەوەی ریكلامەكە، ڕابگیرێت. 2-داخوازیكاری ریكلام، بەرهەمهێنی ریكلام و بڵاوكەرەوەی ریكلام، سزادەدرێن بە غەرامەكردن بە بڕێك كە لە (500.000) پێنج سەد هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە (15.000.000) پانزە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت. دووەم: هەركەسێك بە مەبەست ریكلامێك لێبكاتەوە، یان بیدڕێنێت، یاخود بیشێوێنێت، سزا دەدرێت بە: 1-غەرامەیەك كە لە (250.000) دوو سەد و پەنجا هەزرا دینار كەمتر نەبێت و لە (1.000.000) یەك ملیۆن دینار زیاتر نەبێت. 2-پابەندكردنی بە چاككردنەوە و دانانی ریكلامەكە وەك خۆی. 3-قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوو. سێیەم: لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكانی بڕگەی (یەكەم)ی ئەم ماددەیە، سزاكە دووهێندە دەبێت.
ماددەی (5)
ماددەی (5): لەكاتێكدا ئەگەر سزایەکى توندتر بۆ ئەم کردارە تاوانکارییانە لە یاسا کارپێکراوەکان دا هەبوو، ئەوا سزا تووندەکە جێبەجێ دەکرێت.
ماددەی (6)
ماددەی (6): پێویستە لەسەر (وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان) بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی (شارەوانی و گەشت و گوزار) و (وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی) و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، رێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم یاسایە دەربكات.
ماددەی (7)
ماددەی (7): بەدەر لە حوكمی ماددە (5)ی ئەم یاسایە، كار بە هیچ دەقێكی یاسایی ناكرێت كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە ناكۆك بێت.
ماددەی (8)
ماددەی (8): ئەم یاسایە دوای (60) رۆژ لە بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)دا، جێبەجێ دەكرێت.