ژمارە بڕیار: 1 تایبەت بەژینگە | 3

بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان 

بە ناوی گەلەوە

ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق

ژمارە بڕیار: 1 

رۆژی بڕیار: 7/4/2008

                                                             بڕیار

پشت بە حوكمەكانی بڕگە (1) لە ماددەی (56) و ماددەی (53) لە یاسای ژمارە (1)ی هەمواركراوی ساڵی (1992)و لەسەر داواكردنی ژمارەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی لە دانیشتنی ژمارە (5)ی رۆژی (7/4/2008)یدا ئەم بڕیارەی خوارەوەی دا.

یەکەم: دانانی ڕۆژی (١٦/٤)ی‏ هەموو ساڵێک لە هەرێمی کوردستان عێراق بە ڕۆژی ژینگە.

دووەم: پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندی دارەکان ئەم بریارە جێبەجێ بکەن.

سێیەم: ئەم بڕیارە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێ و لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.

                                                                                             عدنان موفتی         

                                                                                سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی

                                                                                          كوردستان ـ عیراق

هۆیە پێویستییەکان

لەجیهاندا بایەخێکی زۆر بە ژینگە دەدرێت و، لە پیسبوون و کاریگەرییە ترسناکەکانی جەنگ و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و تەقەمەنیەکانی تری دەپارێزێ...هەرێمی کوردستانیش دووچاری ئەو جەنگانە هاتووە و بەشێوەیەکی بەربڵاویش چەکی کیمیاوی دژی بەکارهێنراوە. ئەو جەنگ و چەکە کیمیاییە ژینگەی پیس کردووە و کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی گشتی هاوولاتیان داناوە لەبەر ئەوەی رژێمی دکتاتۆری لەناوچوو ڕۆژی ١٦/٤/١٩٨٧‏ چەکی کیمیاوی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە گوندی شێخ وەسان و گوندەکانی تری دۆڵی بالیسانی بەکارهێناو بە هۆیەوە دەیان هاوڵاتی سڤیل بوونە قوربانی هەر لە درێژەپێدانی سیاسەتە شۆڤینییە بەرنامە دارێژراویکەی بۆ قڕکردنی گەلی کوردستان گوندەکانی خاپوور کردو، سووتاند و چەکی کیمیایی لە ناوچەیەکی بەرفراوانی پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی و ، هەولێر و، دهۆک ، بەکارهێناو بەهەزاران خەڵکی سڤیلی ناوچەکانی دۆڵی بلەو مەلەکان، جافایەتی ، دۆڵی ئالانە ، بازێ ، زێوەشکان ، عەسکەر ، گۆبتەپە قەرەداغ : سیوسێنان ، وەرێ ، دۆڵی ئاکۆیان ، وەرتێ، بناری چیای قەندیل ناوچەی کۆیەو ناوچەکانی دیکە بوونە قوربانی و، ترۆپکی تاوانەکانیشی بۆردومانکردنی شاری هەلەبجە، بوو بە چەکی کیمیایی کە بووە هۆی شەهید بوونی پتر لە (٥٠٠٠) پێنج هەزار کەس و بە جێهێشتنی شوێنەواری خراپ کە تاکو ئێستاش کاریگەریەکانی لەسەر ژیانی مرۆڤی کوردستان هەیە.

لە پێناو بایەخدان بە ژینگە و باڵوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و بۆ پاراستنی پاکژی و کارکردن بۆ پاکژکردنەوەی لە ژەهر و پاشماوە زیانبەخشەکان و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر مرۆڤ و ژینگەکەی ئەم بڕیارە دەرکرا.